شەممە, 05 نۆڤێمبر 2016 15:44 |
وەهاب یوسفی:
بێگومان بڕیاری دادگای بلژیک، دەوڵەتی تورکی بێ هیوا کردووە کە ئوروپا لە ڕاستای بەرژەوەندی و عەقڵییەتی دەوڵەتی ئیسلامی تورک دانییە و خەباتی رزگاری خوازی کورد، بە تیرۆریست پێناسە ناکات. هەر چەندەش کە تا ئێستا هەڵوێستی ڕۆژئاوایەکان لە ئاستی بەدەنگەوە هاتنی هاواری ئینسانی و ڕزگاری خوازی گەلی کورد دا نەبووە و بە ئاشکراش چاوپۆشیان لە تیرۆر و ئەخلاق و کرداری وەحشیانەی فاشیستی تورک کردووە؛ بەڵام ئەو هەڵوێستەی دادگای بلژیک جێگای دڵخۆشی کوردان و هۆی تووڕەیی فاشیستە تورکەکانە و هەر بۆیەش هار بوونە و بێ گوێدان بە ڕای گشتی، زۆر بێ پڕەنسیبانە پەلامای پێشەنگانی کورد دەدەن. ئەوەی لێرەدا جێگای تێڕامانە، گەڕانەوەی حکومەتی تورکانە بۆ ژێر خاڵی سیفر و ڕێگا واڵابوونیشە لە بەردەم بەرخودانی کوردان، چ لە نێوخۆ و چ لە دەرەوەی کوردستان دا و بەهەر شێوەیەکی گونجاویش. حکومەتی تورکیە بەشێکی بەرچاو لە مێژووی، هەوڵی چوونە نێو یەکێتی ئوروپای داوە، بەو پێیە هەر چەندەش کە دانی بە جەرگی خۆی داگرتووە و هیندێک مایەی لە بیر و هەڵوێستەی فاشیستی خۆی داناوە، بەڵام نەیتوانیوە لە ئاست متمانەی ئەخلاقی سیاسی ڕۆژئاوایەکاندا بێت و لە نێو یەکێتی ئوروپادا جێگای خۆی بکاتەوە. بێ هیوا بوونی تورکیە لە چوونە ژووری بۆ نێو یەکێتی ئوروپادا، زیاتر هۆی گەڕانەوەی دەبێت بۆ سەر ڕەسەنایەتییەکەی. بێگومان تورکیە بە منارەی مزگەوتەکانییەوە و بە قەڵافەتی دزێوی پڕ لە جنایەتییەوە، ناتوانێ لە بازگەی مافی مرۆڤ و سیکۆلاریزمی ئوروپادا دەربازی بێت! هەر بۆیە تورکیە لە بیری یەکێتییەکی دیکەدایە، کە خۆی وەک خەلیفە سەرکردایەتی بکات. بەڵام ئایا تورکیە دەتوانێ لە ئامریکا و ئوروپا یاغی بێت و سەربەخۆ ئیمپراتوری یەک(خەلافەتی ئیسلامی) دابمەزرێنێت؟ دیارە مێژووی یاغی بوونی شای ئێران و... لە دەسەڵاتە زلهێزەکان ڕوونە و هەر ئەو دەستەی یارمەتیدەدان، بناخەی دەسەڵاتیانی ڕووخاندن. گرینگی هێز و توانای تورکیە ناتۆیە و توڕدانیشی بە مانای مردنێتی. ئەگەر چی تورکیە بە دوای نەمانی یەکێتی سۆڤیەتەوە، ئیکس پایەریش بووە. هەر وەها بەشێکی گرینگ لە هێزی خەلافەتی عوسمانی کە کوردەکان بوون، بە هوشیاری نەتەوەیی گەیشتوونە و نەتەنیا نابنەوە هێزی سپای حەمیدیەی جاران، بەڵکو لەسەر مافی ڕەوای خۆیان سوورن و بەرەنگاری هەرچەشنە ئیمپراتورییەتێکی تورکان دەبنەوە و هەر وەک ڕوون و بەرچاویشە بە جێگای ناتۆیی تورکیە، کورد ڕۆڵ لە ناوچەکەدا دەگێڕێت، کە ئەو ڕەوتەش لە ڕۆژئاوای کوردستانەوە دەستی پێ کردووە. دیارە عەرەبەکان نە سەردەمی عوسمانییەکان و نە ئێستاش لە پێناو بەرژەوەندی و ئایین دا، مەزنایەتی تورک بەسەر خۆیان و ناوچەکەدا ناسەلمێنن. هەلومەرجی سیاسی و بەرژەوەندی لە ناوچەکەدا، تورکیەی زیاتر لە وڵاتە زلهێزەکان دوور دەکاتەوە و بەو پێیەش هێزی نوێی کوردی بایەخی بەدیل بوون پەیدا دەکات. تورکیە بەو ئاکامە گەیشتووە کە ڕۆڵی مێژوویی خۆی لە ناوچەکەدا لەدەست داوە و ئەوەی تا ئێستاش پاراستوویەتی، نەوتی هەرێمی کوردستانە کە خوێن بە دەمارە ئابوورییەکانی دەگەیەنێت و ژێربەنای حکومەتەکەی پێی ڕاگرتووە و لایەنە ئیسلامییە تیرۆریستەکانیشن کە تورکیە بەکاریان دەهێنێت و بە ئاژاوە نانەوە و تێکدانی ناوچەکە و هەڕەشەش لە ئاسایشی نێودەوڵەتی، بوونی خۆی وەک پێویست ڕابگرێت. ئەگەر سەردەمانێک تورکیە وەک هێزی جیهانی ئیمپریالیزم لە ناوچەکەدا بەهای زۆری هەبوو، بەڵام بە تێک چوونی بلووکی ڕۆژهەڵات(کومونیزم)، نەتەنیا هیچ ڕۆڵێکی نەماوە، بەڵکو هەر وەک جیهادییەکانی ئەفغانستان کە دوای نەمانی یەکێتی سۆڤیەت هەڵگەڕانەوە و بوونە کێشە و کارەساتی یانزەی سپتامبریان خولقاند، تورکیەش لە ڕێگای داعش و کۆمەڵێک توند ئاژۆی ئیسلامییەوە نە تەنیا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەڵکو ئاسایشی نێودەوڵەتی تێکداوە. ***بێگومان دژکردەوەی مرۆڤایەتی لە ئاست تیرۆریستی نێودەوڵەتییەوە، نە تەنیا باجدان بە تورکیە و ئێران و سەرجەم لایەنە جیهادگەراکان و دەوڵەتە تیرۆریست پەروەرەکان نابێت، بەڵکو لە ئاکامی خۆڕێکخستنی هێزە جیهانی و دێموکراتییەتەکاندا، کورد لە ناوچەکەدا پشکی شێری بەردەکەوێت و وەک تاقە هێزی دێموکراتیک، بایەخدار دەبێت. ئەگەر لە لایەک کورد وەک هێزێکی دێموکراتیک دوا ڕۆژێکی پڕشەنگداری هەیە و پێویستە بە پاک کردنەوەی تیرۆریستان ناوچەکە ئارام بکاتەوە، هەر وەها بوونی هێزی کورد لە ناوچەکەدا بۆ دژایەتی کردنی عەقڵییەتی توندئاژویی ئایینی و فاشیستی تورک و فارس و عەرەبەکان پێویستییە، بەڵام لە بەرامبەردا دەوڵەتانی تورک و فارس و عەرەبەکان نە تەنیا هەچ پێویستییەک نینە، بەڵکو خۆیان سەری مارەکانن!
وەهاب یوسفی
برچسب: دەبێتەوە,
نویسنده: آرین حسینیپور